محەمەد حاجی کەریم
بەنیاز نەبووم بۆ یادی ژیانئاوایت هیچ بنووسم، بەڵام کاتێک لێزمەی وشەی بێگەرد و شاهیدی بێ بەرامبەری زۆر لە هاوڕێ و دۆست و هاوکارانتم لە بارەی گەورەیی و پاکییت بینین، شتێک لە ناخمدا ڕاچەنی، تێگەیشتم خزمەت و کرداری چاک، پێویستی بە پیاهەڵدانی درۆزنانە نییە، خۆی لەناو ڕۆحی خەڵکیدا ڕێگای خۆی دەکاتەوە. بۆیە یادکردنەوەکەت، ستایشی چاکەکانت، نە مەراییە و نە بۆ بەرژەوەندییە، بێگومان لە بڕوا و ڕاستگۆییەوەیە.
ساڵان ڕۆیشتن، ئەو هەڵوێست و خەسڵەتە جوانانەی لێت بەدی دەکران، هێندەی دیکە لای دۆست و ئاشناکانت شوێنی خۆیان گرتووە. ئاخر تۆ لەو مرۆڤە دەگمەنانە بوویت، کە لەخۆبردوویی، پاکی، و دڵسۆزییەکەت بۆ گەل و خاک و نیشتمان، بە کردار دەسەلماند. هەر ئەمەش وایکرد لە چەند وێستگەیەکدا یەکبگرینەوە.
کاتێک ساڵی (1999) بیرۆکەی دروستکردنی ڕێکخراوێک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە مێشکتدا چەکەرەی کرد، هێشتا هیچ شتێک، تەنانەت ناوەکەیشی لەسەر کاغەز نەبوو، بەڵام هەر زوو لە نیەتپاکییەکەت تێگەیشتم. لە یەکێک لە ژوورەکانی نووسینگەی ڕۆژنامەنووسی برایەتی– خەبات، بەدەیان شەو، پێکەوە لەگەڵ هاوڕێمان (سەلام نەورۆز) یەکمان دەگرتەوە و خەریکی ئامادەکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ڕێکخستنی لیستی ناوی کەمئەندامانی ناوچەکە بووین.
تۆ لە دەرگای چەندان ڕێکخراوی بیانییت دەدا، زیرەکانە پڕوپۆزەڵت دەنووسین، بۆ ئەوەی خەونەکانت لە خزمەتکردنی کەمئەندامان چڕ بکەیتەوە. خۆشبەختانە هەوڵەکانت بەو ڕۆژە گەیشتن، کە بە هاوکاری کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز، ڕێکخراوێکی پڕ لە کار و بەخشش بێتەکایەوە و تاکوو ئەمڕۆش بەردەوام بێت.
چیرۆکی عەشقت بۆ مرۆڤایەتی لەو ڕۆژەدا گەیشتە لووتکە، کاتێک بەبێ هیچ وادەیەکی پێشوەختە، چوویتە بەردەم دەروازەی "تیپی زەیتوونی سوپای کۆریای باشوور" لە هەولێر. بە پاسەوانی دەروازەکەت گوت، دەمەوێت بۆ بابەتێکی گرنگ فەرماندەی گشتی تیپەکە ببینم. کاتێک چوویتە ژوورەوە، نەخشەیەکی گەورەی چۆمانت بە ڕوودا کردەوە، پێتگوت: "ئەمە چۆمانە، مەیدانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران. لێرە بە ملیۆنان مین چێندراون و خەڵکێکی زۆر جەستەیان شەکەت و کەمئەندام بووە. ئێمە پێویستمان بە ئەزموون و هاوکاریی ئێوەیە".
ئەو ڕاستگۆیی و وزە قووڵەی لە چاوەکانتدا خوێندرایەوە، سەرنجی فەرماندەی سوپاکەی ڕاکێشا. دوای چەند ڕۆژێک سەردانی دەڤەرەکەی کرد و یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی ئەو سەردانەت، دروستکردنی باڵەخانەی "کۆمەڵەی سۆران بۆ چاودێری پەککەوتووەکان" بوو. تۆ ئەو دەزگایەت لە هیچەوە کردە خاوەن بینایەیەکی مۆدێرن و سەنتەری چارەسەریی سروشتی و بنکەی ڕاهێنان.
عەشقی تۆ تەنیا لە سنووری مرۆڤدا نەدەوەستا، تۆ عاشقێکی ڕەسەنی ژینگە و سروشت بوویت. بیرم ناچێت کاتێک ساڵی 2009 باسی بیرۆکەی دروستکردنی (ناشناڵ پارکی هەڵگورد- سەکران)ت لەگەڵ کردم، داوات لێکردم هاوکارت بم. هەمدیس دڵسۆزیی جیدیبوونت وای لێکردم، ئەوەی لەدەستم بێت بیکەم. تۆ دەتویست مۆدێلی نەمسا و وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بهێنیتە باڵەکایەتی. پەیوەندییەکانت لەگەڵ پسپۆر و دامەزراوەکانی هۆڵەندا، نەمسا و ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە، هەوڵەکانتی لە بیرۆکەوە کردە واقیع. بەمەش لە (ئەیلوولی 2010) حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی ئەم پڕۆژە نیشتمانییەی لەگەڵ ئەنیستیتۆتی نەمساویی بۆ تەکنەلۆژیا (AIT) واژوو کرد.
گەشتە مەیدانییەکان بۆ بینینی نموونەی پارکە جیهانییەکان، سەردانەکان لەگەڵ شاند و پسپۆرانی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ سەر چیاکانی سەکران و هەڵگورد، بە مەبەستی دیاریکردنی نەخشەی زۆنەکانی پارکەکە، وۆرکشۆپی ڕواندز لە (ئابی 2012)، کارکردن بۆ پۆلێنکردنی ڕەگەزەکانی خاک و گژوگیا و گیانلەبەران، گەلێک چیرۆکی زیندووی عەشق و دڵسۆزیت بۆ ژینگە و سروشتی کوردستان دەگێڕنەوە.
تۆ وەک داینەمۆیەک خۆبەخشانە و ماندوونەناسانە، کات و ژیانی خۆتت بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ تەرخان کردبوو. وەلێ مەرگ ڕێگەی نەدایت بەرهەمی ئەو پڕۆژە نیشتمانییە مەزنە بە چاوی خۆت ببینی.
بەداخەوە دوای ژیانئاوایت، خەونەکانمان بۆ ئەو پڕۆژانە کاڵ بوونەوە، شتێک نەما بە ناوی ناشناڵ پارکی هەڵگورد- سەکران. کاک ئەندام جەبار-ی ڕۆژنامەوان گوتەنی، تابلۆی ئۆفیسی ناشناڵ پارکی هەڵگورد- سەکران، نەک هەر بەربووەتەوە و کەس نییە بە دیوارەکەی هەڵبواسێتەوە، بەڵکوو نووسینی سەریشی بە تەواوی کاڵبووەتەوە و هەر نەماوە.