Mohammed Kareem 18 days

هەمووان وەک یەک بیر دەکەنەوە

محەمەد حاجی کەریم

   لە دوو دەیەی ڕابردوودا، گوتمان ڕەنگە کەسانێک نیەتی خێریان هەبێ و مەبەستیان بێت کۆتایی بە ڕێبازیی دوژمنکارانەیان بێنن، لێ بینیمان نەک هەر نەگۆڕاون، بەڵکوو چاویان بەرایی نادات، کوردستان بە ئارامی و ئاوەدانی و گەلەکەیشی، لە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی ببینن.

   ئەوەی حکومەتی عێراق دەرهەق بە هەرێمی کوردستان دەیکات، نەک هەر لێدانە لە ئابووریی کوردستان، بەڵکو تەنیا دووپاتکردنەوەی ئەزموونی دەسەڵاتدارانی ڕابردووە. لەم بڕوایە دانیم، هیچ کاتێک بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕاست و ڕاستگۆ بووبێ و نیەتیشی چارەسەریی بێت.

   لە دۆخێکدا، کە عێراق له چاوی پێشبینییهكانی دونیای دەرەوە و لەسەر ئاستی نێوخۆدا، شكستی هێناوه، کەچی لە گرتنەبەری سەرکێشی و مامەڵەی نادروست بەرانبەر هەرێمی کوردستان درێخی نەکردووە. پێناچێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بێت، وەلێ ڕاگرتنی مەحاڵ نییە، ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت، ڕۆژێک هەر دێت بە ناچاریی پاشەکشێی پێ بکا و بیوەستێنێت.

   لەم سۆنگەیەوە، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، کوردستان، پێویستی بە یەک ئیرادەیی و یەک بڕیاریی هەیە، فرە هەڵوێستی بەرانبەر بەغدا، نەک هەر هیچی لێ شیننابێتەوە، بەڵکو قەیرانەکان قوڵتر و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لاوازتر دەکات.

    ڕاستییەکە و ناشاردرێتەوە، ئەوەی هەرێمی کوردستانی بە دۆخی ئەمڕۆ گەیاندووە، بە پلەی یەکەم بێ هەڵوێستی و ناتەبایی نێو ماڵی کوردە، هەڵوێستی خۆخۆرانە و نالۆژیکی ئەو کوردانەیە، کە لە ئاست ئەو هەموو خراپەکارییەی دەسەڵاتدارانی عێراقی بێ یاسا و بێ دادیی، هەروەها لە ئاست گەندەڵی بێ ئەندازە و بەفێڕۆچوونی سەدان ملیار دۆلاری خهزێنهی دهوڵهت، کە مووڵکی هەمووانە، ڕووی خۆیان وەردەگێڕن و ڕۆژێک لە ڕۆژان، بە دوو قسە بەلایەوە ناچن، وەلێ  لە بەر ڕقی سیاسی، ئەوەندەی تر، هانی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەدەن، دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵوێستی نامرۆییانە وەربگرن.

       ئەمڕۆ نییە دەسەڵاتدارانی عێراق، خەون بە لێکترازانی کورد دەبینن، پاساوهێناوە بۆ خراپەکاریی و بڕیارەکانی بەغدا، خزمەتێکی گەورەیە بە ئەجێندای دوژمنکارانەی ئەو وڵاتە. کەسێک نییە ئەو ڕاستییە نەزانێت، ئەو تاكتیكەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە، زیاتر لە سەدەیەکە، هەر لە دوای دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی، هیچ ڕێگەیەکی دوژمنکارانە نەماوە، بەرامبەر بە کوردستان تاقی نەکەنەوە. بۆیە تێگەیشتن لە سروشتی ئەو گەمە سیاسییەی بەغدا، نەک هەر زەحمەت نییە، بەڵکو زۆر ڕوون و بێ پەردەیە.

ڕاستە، شەڕی ئەمڕۆیان بە فۆڕم و شێوازێکی جیاوازترە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوانەی ئێستاش وەک ئەوانەی دوێنێی پێش خۆیان بیر دەکەنەوە و نەک هەر نەگۆڕاون، بەڵکوو بۆیان بکرێت کوردستانیش لە ڕەگوڕیشەوە، هەڵدەوەشیننەوە.

,