Mohammed Kareem 1 months

پێش ئەوەی دەرفەتەکان لە دەست بچن

 

محەمەد حاجی کەریم

 

ڕووانین لە شەڕی (ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران) وەک ئەوە وایە سەیری ناو جەرگەی گێژەڵۆکەیەکی گەورە بکەیت، هیچ عەقڵێک ناتوانێت بە ئاسانی لە داهاتووەکەی تێبگات.

بەڵام لەنێو دووکەڵی شەڕدا، پرسیارێکی هەنووکەیی سەرهەڵدەدات: ئایا شەڕەکە ڕێڕەوی داهاتووی ناوچەکە دەگۆڕێت؟ ئایا دەتوانێت ڕژێمێکی توندئاژۆی ڕەگداکوتاو، لەبنەوە هەڵتەکێنێ؟

بێگومان ئەگەر ڕژێمی ئێران بە سەلامەتی گێژەڵۆکەکە تێپەڕێنێت، دەرهاوێشتەکەی بێ ئازار نابێت. لە سیناریۆیەکی وادا، ئێران نەک قووڕسایی و هەژموونی خۆی لە دەست نادات، بەڵکوو قەبارەی فشارەکانیشی زۆر چڕتر دەکات و ناوچەکەیش پەلکێشی هەنگامەیەکی تاریکتری توندڕۆیی و شەڕی مەزهەبی دەکاتەوە.

ڕاستە ئێران زیانێکی گەورەی ماددی و مرۆیی بەر کەوتووە، بەڵام ئەگەر ترەمپ بە پاساوی گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەرکەکە تەواو نەکات، هەرگیز دوای ئەم ڕووداوانە، چاوەڕوانی ئەوە لە ئێران ناکرێت، خۆی بگۆڕێت. دەسەڵاتێک، چل و حەوت ساڵ بە هێزی ستەم و سەرکوتکاریی خۆی ڕاگرتبێت، بەو ئاسانییە لە شەیتانەوە نابێتە فریشتە.

مێژوو پێمان دەڵێت، ئەو ڕژێمانەی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ڕەق و کۆنتڕۆڵی ناوەندیی بەڕێوەدەبرێن، بەهیچ شێوەیەک ناگۆڕێن. بۆیە ئەم چاوەڕوانییە لە ئێران لە وەهمێک زیاتر نییە.

لەم دووڕیانەدا، دەبێت لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە، بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە، درک بە ڕاستییەکی مێژوویی بکەن. بەو واتایەی لە هەموو زەمەن و بارودۆخێکدا، هەلی مێژوویی دروست نابێت. هەمیشە گوتراوە، چانس لایەنگری ئەو کەسانە دەکات، کە دەرفەتەکان دەقۆزنەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەن. وەلێ ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بچووکترین ئامادەیی لە هەلومەرجێکی وادا نییە.

بژاردەی مانەوە لە نێوان ژێردەستەیی و ئازادییدا، تەنیا بە ڕێگای بوێری لە بڕیاردانی ستراتیژیی تێدەپەڕێت. مێژوو لەوانە خۆش نابێت، کە دەرفەتێکی دەگمەن دەبینن و ناجووڵێن. بۆ گەلی کوردیش، ئەمە ڕێک ساتەوەختێکی لەو شێوەیەیە.

وینستن چێرچڵ (1874-1965) لە کاتی ڕامان لە وێرانییەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا دەڵێ: "بەهای مەزن، بەرپرسیاریەتییە." لێرەدا دەبێت ئەوەش زیاد بکەین، بەهای ئازادی، بوێری و بەرپرسیاریەتی و قوربانیدانە. بەتایبەت لە کاتێکدا، دەرفەتێکی زێڕین بۆ لە دایکبوونی ئەو ئازادییە هاتووەتە پێش.

گەیشتن بەو ئامانجانەی نزیکەی سەدەیەکە خەونیان پێوە دەبینین، بێ خوێن و قوربانیدانی گەورە، مەحاڵە بەدی بێن.

 

,